بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی لە لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزای چەمچەماڵ زەرەرمەند بوون زانکۆی سلێمانی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری رادەگەیەنێت.
زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیی و وەک وەفایەک بۆ خاک و خەڵکی (چەمچەماڵ)، هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری رادەگەیەنین، کە وەک تەواوکەری ئەو هەنگاوە نیشتمانییەیە کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە راگەیەنراوە، ئامانجمان کەمکردنەوەی ئازار و قەرەبوکردنەوەی زیانەکانی ئەو خێزانە سەربەرزانەیە کە بەر لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کەوتوون.
داوایشیکرد، تەواوی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران و دانیشتووانی شاری سلێمانی و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، وەک هەمیشە پێشەنگ بن و بەشدارییەکی کارا بکەن لەم ئەرکە نەتەوەیی و مرۆییەدا.
ئاشکراشیکرد، شوێنی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی (کەمپی نوێ)، لە سبەینێ شەممە دەستپێدەکات و تا رۆژی دووشەممە بەردەوامدەبێت.