بەهۆی گرژییەکانی نێوان مەسعود بارزانی و دەوڵەت باخچەلی، سەردانی ئیلهام ئەحمەد بۆ تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی هەڵوەشایەوە.
بڕیار بوو ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەفتەی داهاتوو سەردانی ئیستانبوڵ بکات بۆ بەشداریکردن لە “کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، بەڵام سەردانەکە هەڵوەشایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەۆکیی هەڵوەشانەوەی سەردانەکە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕە قسەیەی لەنێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دروستبوو.
پێشتر، باخچەلی رەخنەی لە دەرکەوتنی چەکدارانی پاسەوانی بارزانی بە ئاڵای کوردستانەوە لەسەر خاکی تورکیا گرت و بە “پێشێلکردنی سەروەریی تورکیا و ئابڕووچوون” وەسفی کرد؛ لە وەڵامدا، بارەگای بارزانی رایگەیاند، “باخچەلی هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە و ئێستا لە پێستی مەڕدایە”.