وەزارەتی دارایی عێراق لە تانەکەی پێشووی بۆ راگرتنی دەرماڵە زیادکراوەکەی مامۆستایان پاشگەزبووەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە نووسراوەکەی پێشووی بۆ تانەدان لە دەرماڵە زیادکراوەکەی مامۆستایان هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی نووسراوەکەی ئەمڕۆ، مامۆستایان بۆ ساڵی 2026 ئە دەرماڵەیەیان پێدەدرێت کە بڕەکەی 150 هەزار دینارە.
لە مانگی ئابدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای “دەرماڵەی پیشەیی”دا و بەو پێیە هەر مامۆستایەک مووچەکەی 150 هەزار دینار زیاددەکات.
سەرۆککۆماری عێراق هەموارەکەی پەسەندکرد و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لەبری جێبەجێکردن تانەی لێدا، ئەوەش ناڕەزایەتیی مامۆستایانی لێکەوتەوە و بڕیاربوو ئەمڕۆ خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.