سەرۆکی رێکخراوی تۆڕی شەمس، رایگەیاند، 501 حاڵەتی پڕوپاگەندە ی هەڵبژاردن تۆمارکراون.
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی تۆڕی شەمس، بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی هەڵبژاردن ژمارەیەک حاڵەتی نەخوازراو و پێشێلکاریی تۆمارکراون بەجۆرێک 501 حاڵەتی ئەنجامدانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لەبەردەم بنکە و وێستگەکانی دەنگدان، 415 حاڵەتی روون نەکردنەوەی شێوازی دەستپێکردنی پرۆسەکە و نەدانی زانیاریی پێویست بە کارمەندان.
وتیشی، هەروەها 382 حاڵەتی بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ ناوەندەکانی دەنگدان، هەبووە و 359 حاڵەتی دوورخستنەوەی چاودێران هەبووە، کە بەشێکی هەرە زۆری لە کاتی ژماردنی دەنگەکاندا بووە.
باسی لەوەشکرد، سەرجەم پێشێلکارییەکان لەڕێگەی 5 هەزار و 89 چاودێرەوە لە سەرانسەری 18 پارێزگای عێراق، تۆمارکراون.