بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێوازێکی سەردەمیانە، کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی کردەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا، د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئامادەیبوون، سەرۆک بافڵ لە دڵەوە سوپاسی بێپایانی ئاڕاستەی سەرۆک، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی زانکۆی دایک بەدەستیهێناوە و وتی، سەری سلێمانی و ئێمەشتان بەرزکردووەتەوە و نمونەیەکی گەشتان پێشکەشی گەلەکەمان کردووە.
سەرۆک بافڵ بەڵێنیدا، وەک هەمیشە پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە بکات کە لە خزمەت گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی زانکۆکاندا بێت و رایگەیاند، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە خزمەت ئێوەی مامۆستایاندا بین کە پەروەردەتان کردین و قەرزداری ماندووبوونتانین.
بە خوێندکارانیشی وت، هەمیشە لەگەڵتان دەبم و پێکەوە هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی گەشتر دەنێین.
ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، لەسەر ئەرکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نۆژەنکردنەوەی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەستیپێکرد و بەشێوازێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، بیناکانی ناو کەمپەکە نۆژەنکرانەوە.