پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەتۆمەتی دزینی 45 مسقاڵ زێڕ و بڕێک پارە، دوو تۆمەتبار دەستگیركران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی هاوڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی بازیان سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی 45 مسقاڵ زێڕ و دوو ملیۆن و 400 هەزار دینار لە ماڵەکەیدا دزراوە، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، دەستکرا بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیریکردنی تۆمەتباران، سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن و دەست بەسەر زێڕ و پارە دزراوەکاندا بگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباران “ج، ح، ک” لەدایکبووی 1970، “س، ح، ف” لەدایکبووی 1984 کە پیشەیان دەرۆزەکارە، دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە، لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادا راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.