مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و بیشر خەساونە، سەرۆكوەزیرانی ئوردن لە بەغداد كۆبوونەوە و لەسەر چەند بابەت و دۆسیەیەك ڕێككەوتن.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكوەزیرانی هەردوو وڵات ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تیایدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ئاشكراكرد و ڕایانگەیاند، “بەغداد و عەمان ڕێككەوتوون لەسەر درێژەدان بە كاری هاوبەش و بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان و سوودوەرگرتنی زیاتر لە یەكتر.”
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە حكومەتی عێراق و ئوردن “بڕیاریانداوە پەرە بە بازرگانی بدەن و بڕ و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئوردن زیادبكەن.”
بڕیارێكی تری كۆبوونەوەكەی هەردوو سەرۆكوەزیرانەكە، لابردنی تۆماری هاوردەیە بۆ ئەو شمەك و كاڵایانەی لەنێوان عێراق و ئوردن دا ئاڵوگۆڕدەكرێن، هەروەها پەلەكردن لە دروستكردنی شارێكی ئابوریی هاوبەش.
وەك ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكە دەڵێت، “كازمی و سەرۆكوەزیرانی ئوردن ڕێككەوتوون هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژبكرێتەوە.”