بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەو کارانەی گرووپەکەی لالەزار کردیان ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی رووداوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “هەفتەی رابردوو سلێمانی شاهێدی کۆمەڵە رووداوێک بوو، کە بووە هۆی خەم و پەژارە بۆ خێزانەکانیان و نیگەرانیی بۆ رای گشتی”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، “هەر لە گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، کە لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو، کە ئەرکیان پاراستنى گیان و ماڵى هاووڵاتیان و سەقامگیریی شارەکەیە. ئەم کارانەى گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن”.
لە بەشێکی دیکەیدا هاتووە، “ئاسایش، وەک دامەزراوەیەکی ئەمنیی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رووداوەکە راپۆرتی خۆی بۆ راى گشتی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا زانیارییەکانى بە تەواوى باسکردووە، کە ئەرکی هەموومانە رێگە بە دەسەڵاتى دادوەرى بدەین، بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک بەردەوام بن لە کارەکانی خۆیان”.
سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاشکرایکرد، ” داوام لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت بۆ گەورەکردنی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە. ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرپرسیارانە راستییەکان بخەنەڕوو و متمانەی گشتی بپارێزن. دەبێت پێشینەى کارەکانمان پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیانمان بێت، پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا و رێگریی لەو کەسانە بکەین کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتی”.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا داوایکرد، “دەسەڵاتی دادوەری ، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی”.