بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی پێداچوونەوەی یاسای پەرەپێدانی بۆشایی ئاسمان، کۆریای باکوور جەختی لەوە کردەوە، مافی یاسایی خۆیانە لە بۆشایی ئاسماندا بگەڕێن و باڵادەستبن.
کانگ سۆنگ چول، راگری زانکۆی کیم ئیل سونگ، لە وتارێکدا لە ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە ئاماژە بەوە دەکات کە پەرلەمان پێداچوونەوە بە یاسای گەشەپێدانی بۆشایی ئاسمانی ساڵی 2022 دەکاتەوە.
لەبارەی پێداچوونەوەکەوە کانگ سۆنگ چول ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕیارە بناغەی یاسایی بۆ خێراکردنی گەشەپێدانی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان دانا و بەڵێنیدا پشتگیری لە مافی وڵاتەکەمان بکات بۆ گەڕان لە بۆشایی ئاسماندا لەڕێگەی پەروەردەکردنی بەهرەمەندی زیاتر لە کەرتی یاسای بۆشایی ئاسمان.
دەشڵێت، ”کۆریای باکور هەوڵیداوە توێژینەوە و پەروەردەکردن لەسەر یاسای بۆشایی ئاسمان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بگونجێن و بە تەواوی مافی یاسایی خۆمان دەپارێزین بۆ ئەوەی لە بۆشایی ئاسماندا باڵادەستبین”.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 کۆریای باکوور مانگێکی دەستکردی بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدا و بەڵێنیدا تاوەکو ساڵی 2024 سێ مانگی دەستکردی دیکە هەڵبدات، بەڵام ئەو پلانانە نەهاتنە دی، چونکە هەوڵەکەی بۆ هەڵدانی مانگی دەستکرد لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا شکستی هێنا.