وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانى ناوچەکانی دەرەوەى هەرێم، دەتوانن سەردانى تۆمارى زانکۆکان بکەن بۆ وردەکارى لەبارەى پێشکەشکردنى فۆڕمی داتاکان.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ پرۆسەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە دانیشتووانی پارێزگاکانى دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاگادارى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکان دەکاتەوە، بەستەری ناردنى داتاکانى ئەنجومەنى راژەى گشتیى فیدراڵى لەلایەن وەزارەتەوە ئاراستەى سەرجەم تۆمارى گشتیى زانکۆکان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم مەبەستە ئاگادارتان دەکەینەوە لە ئەمڕۆوە دەتوانن سەردانى تۆمارى گشتیى زانکۆکانتان بکەن بۆ زانیارى و وردەکارى لەبارەى چۆنیەتیى دەستپێکردنى پرۆسەکە و پێشکەشکردنى فۆرمەکان، دواتریش لە رێگەى تۆمارى زانکۆکانەوە، راستەوخۆ داتاکان بۆ ئەنجومەنى راژەى گشتیى فیدراڵى دەنێردرێن.