ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ خاوەنی باڵەخانە سووتاوەکەی کوت و، چەند بەرپرسێکی حکومی دەرکرد.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، جگە لە خاوەنی باڵەخانەکەی کوت، هاوبەشەکەی و چەند کارمەندێکی دیکەش، لەگەڵ (سەرۆکی بەشی رێکخستنی شارەکان لە شارەوانیی کوت، بەرپرسی بەشی زیادەڕۆییەکان و یاریدەدەری بەڕێوەبەری شارەوانی، رووپێوێک لەو بەڕێوەبەرایەتییە، بەرپرسانی بەشی زیادەڕۆییەکان، بەرپرسی بەشی خۆپارێزی و سەلامەتی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی واست، ئەفسەرانی بنکەی بەرگریی شارستانی و بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی کوت).
خاوەنی باڵەخانەکە بەپێی بڕگەی 3ـی ماددەی 411ـی یاسای سزادانی عێراقی، بڕیارەکەی بۆ دەرچووە کە تایبەتە بە کوشتن لە رێگەى هەڵەوە، ئەگەر ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە سێ کەس، سزاکەی لەنێوان سێ بۆ حەوت ساڵ بەندکردنە.
ئەوانەی دیکەش بەپێی بڕگەی 3ـی ماددەی 343ـی یاسای سزادانی عێراقی فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، کە تایبەتە بە بوونی کەمتەرخەمییەک کە ببێتەهۆی کەوتنەوەى ئاگر و لە ئەنجامدا گیانلەدەستدانی لێبکەوێتەوە؛ سزاکەشی دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.
شەوی 16ـی تەمموزی 2025، لە هایپەرمارکێتی کۆڕنیش لە کوت ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.