حكومەتی عێراق، قوربانییانی تەقینەوەكانی بەغداد و كەسوكاریان قەرەبوودەكاتەوە.
بانكی ڕافیدەین كە بانكێكی حكومیی عێراقە، بڕیاریدا بە بە خشینی پێشینە بە بریندارانی دوو تەقینەوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی گۆڕەپانی تەیەڕان و كەسوكاری كوژراوان.
لە ڕاگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، بانكی ڕافیدەین ئاشكرایكرد، “ڕەزامەندیی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەی قوربانییانی تەقینەوەكان و كەسوكاریان وەك قەرەبووكردنەوە پێشینەیان پێبدرێت.”
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، “خێزانی هەر كوژراوێكی تەقینەوەكان، پێشینەیەكی پێنج ملیۆن دیناری پێدەدرێت و ئەوانەشی لە برینداربوون، هەر یەكێكیان 10 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت و بەبێ سوو لێیانوەردەگیرێتەوە.”
بانكەكە دەڵێت، “ئەو پێشینانە لە ماوەی 10 ساڵدا دەدرێنەوە و بەسەر ماڵی شەهید و بریندارەكاندا دەگەڕێین و پارەكانیان بەسەردا دابەشدەكەین.”
ڕۆژی پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، دوو تەقینەوەی خۆكوژی لە گۆڕەپانی “تەیەڕان” لە ناوچەی باب شەرجی لە بەغداد ڕویاندا و بەهۆیانەوە 32 كەس كوژران و 110 كەسی تر برینداربوون.