لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رووداوێکی گرنگی مێژویی و سیاسی روودەدات.
لەتیف نێروەیی لەوبارەیەوە وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و ئەمەی خوارەوە، دەقی وتارەکەیەتی:
دواجار ئیرادەی ئاشتی سەردەکەوێت
ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رووداوێکی گرنگی مێژویی وسیاسی روودەدات و دوای دەیان ساڵ شەڕ و خوێنڕشتن، سەرەنجام ئیرادەی ئاشتی بەسەر ئیرادەی شەڕدا سەردەکەوێت. ئەو ئیرادە ئاشتييەی کە 33 ساڵە سەرەڕای بەربەست و قۆناغە سەخت و دژوارەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵاهەڵگرێکی راستەقینەیەتی و دەستبەرداری ئەو ئیرادەیە نەبووە.
رۆژێکی مێژویی و بەروومەتە کە یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە پایتەختەکەی شۆڕشی نوێ و بە بەشداریی یەکێتی، دەهاوێژن.
رۆژێکی دڵخۆشکەرە کە لە سنووری پایتەختەکەی مەلیکی کورستان، بەڵێنی کۆتاییهێنان بە زمانی چەک لەپێناو جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی، دەبێتە راستی و ئیدی ئەم رۆژە گرنگە دەبێتە بەشێک لە مێژووی یەکێتی و پارێزگای سلێمانی و باشووری کوردستان و گەلی کوردستان بەگشتی.
ئیدی مێشکی شاخەکان، دڵی ئەشکەوتەکان، رۆحی پیرە داربەڕووە سوتێنراوەکان، کاریلەی مامز و ئاسک و بزنە کێوییەکان، ئیدی سروشتی وڵاتەکەمان پشوویەک دەدەن و بە دەنگێکی بەرز دەڵێن، سڵاو بۆ رۆحی ئەندازیاری دانانی بەردی بناغەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان مام جەلال، سوپاس یەکێتیی نیشتمانیی کورستان کە سەرەڕای هەموو سەختییەکان، ئەوەی بەلای ئێوەوە گرنگ بوو، ئەوەی بەلای ئێوەوە لە سەرووی هەموو شتێکی دیکەوە بوو، وەستاندنی شەڕ و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو.