تۆڕێکى رێكخراوەکانی داكۆكیکار لە مافی مرۆڤ ناڕەزایى بەرامبەر سزادانى پزیشکانى مانگرتووى هەولێر دەردەبڕێت و نیگەرانە لەوەى سزادانیان بكرێتە پێشینە بۆ سزادانی ئەو چین و توێژانەی لەڕێی چالاكیی مەدەنییەوە داوای مافی خۆیان دەكەن.
دوای راگەیاندنی بایكۆتی چەند رۆژی رابردووی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، كۆیە، راپەڕین، گەرمیان و سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، نووسراوێكی بڵاوكردەوە کە ئیمزای بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە و تیایدا چەند پزیشكێكی لەسەر پابەندنەبوون بە كاتی دەوامەوە سزاداوە.
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 ئەمڕۆ راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لەگەڵ حوكمەكانی یاسای ژمارە 11ى ساڵى 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان) و، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكاندا ناكۆكە و نەریتێكی نادیموكراتییە، داوادەكەین هەڵبوەشێتەوە.
بڕیارەكەى تەندروستیی هەولێر 13 پزیشكی نیشتەجێی خولاوی لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێركاری گرتۆتەوە، هەروەها لە نوسراوێكی هاوشێوەدا، حەوت پزیشكى دیکە لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بەهەمان هۆكار سزادراون.
تۆڕەکە دەڵێت، یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، پێناسەی چالاكییە مەدەنییەكانی كردووە كە “گردبوونەوەی گشتی بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری) لەخۆدەگرێت و ئاماژەشدەدات، باشتربوو بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، داوای پزیشكە ناڕازییەكان وەربگرێت، پاشان لەگەڵ لیژنەكەیاندا كۆببێتەوە بەمەبەستی چارەسەری گونجاو لە ماوەیەكی دیاریكراوی گونجاودا، نەك پەنا بۆ سزادانیان ببات.
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 نیگەرانى دەردەبڕێت لەوەى سزای پزیشكانی هەولێر بكرێتە پێشینەیەك بۆ سزادانی ئەو چین و توێژانەی لەڕێی چالاكیی مەدەنییەوە داوای مافی خۆیان دەكەن، لەبری پەنابردن بۆ بڕیارێك كە داوا رەواكانیان كە داوای 1600 پزیشكە، جێبەجێبكەن.
تۆڕی هاوپەیمانیی 19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.