راوێژکارى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، رایگەیاند، “یەکێتى پۆستەکانى بەغدادى خستووەتە خزمەتی خەڵکی کوردستان”.
بێستون فایەق، راوێژکارى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “یەکێتى سەرجەم ئەو پۆستانەى لە بەغداد وەریگرتوون، لە پێناو خزمەتى خەڵکى هەرێمى کوردستانە و بە هەموو شێوەیەک سزادانى خەڵکى هەرێمى کوردستان و بڕینى قوتى مووچەخۆران رەتدەکەینەوە”.
“لایەنەکانى هەرێمى کوردستان کە بەشدارن لە حکومەت، بژاردەى زۆریان بەرامبەر بەغداد هەیە، بەڵام باشترینیان بژاردەى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە لە نێوان هەردوو حکومەتدا، گرنگە لەم دۆخەدا لایەنە کوردستانییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن و رێگە نەدەن مووچەى مووچەخۆران تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بەغداد هەوڵەکانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچە چڕکردووەتەوە”.