كۆمیتەی كوردی لەناو رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال چالاككرایەوە

دوای هەوڵی بەردەوامی لایەنە كوردییەكان كە ئەندام یان چاودێرن لەناو رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال و بە ویست و ئیرادەیەكی یەكگرتوو توانرا كۆمیتەی كوردی لەناو ئەو رێكخراوە وەكو یەكێك لە گروپەكانی كاری پێكەوەیی تایبەت بە كاروباری كوردی، دووبارە چالاكبكرێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە دوا كۆنفرانسی سۆسیال دیموكراتیش كە لە رۆژانی 24 و 25ی ئەم مانگە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، یەك پەیامی هەموو لایەنە كوردییەكان لە لایەن لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پێشكەشكرا كە تێیدا باس لە گرنگی چالاكبوونی ئەو گروپە كرد و كورتەیەكی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدا باس كرابوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لێرەدا ئەوەی جێگای شانازی و دڵخۆشییە ئەمە یەكەمجارە حزبە كوردییەكان بەیەك دەنگ و یەك پەیامی یەكخراو نوێنەرایەتیی هەموو كوردستان بكەن و پەیامی هەموو لایەك بگەیەننە نوێنەری حزبە سیاسییەكانی زیاتر لە هەشتا وڵات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share