پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی کوشتن رادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “شەوی رابردوو لەناو بازاڕی هەڵەبجەی تازە لە قەزای شارەزوور كەسێك بە فیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی پۆلیسی شارەزوور دەركەوت كە رووداوەكە بەهۆی كێشەیەكەوە بووە و تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوامبوو و زانرا كە تۆمەتبار بەرەو قەزای سەیدسادق هەڵاتووە”.
دەشڵێت، سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە بەهاوكاریی بەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەناو قەزای سەیدسادق دەستگیربكرێت، ئێستا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.