وەزیری تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، “تووشبووەکەی دیکەی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکەی تێپەڕاندووە”
د سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “تای خوێنبەربوون چەند مانگێکە لە عێراقدا بڵاوە و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، دوو حاڵەت تۆمارکراون کە یەکێکیان ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا”.
وتیشی، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی گوازراوەیە و پێویستە هاوڵاتییان و بەتایبەت ئاژەڵدارەکان زۆر ئاگاداربن.
وەزیری تەندروستیی هەرێم باسی لەوەشکرد، “ئەو کەسەی لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی تای خوێنبەربوون بوو لە هەولێر چارەسەری وەرگرت، ئێستا تەندروستی جێگیرە و نەخۆشییەکەی تێپەڕاندووە”.