پارتى دیموکراتیى گەلان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بڕیارە مێژووییەکانى کۆنگرەى پەکەکە، هەنگاوێکى دیکە لە ئاشتى نزیکدەبینەوە.
پارتی دیموکراتیی گەلان “دەم پارتی” راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو هەنگاوەی پەکەکە “هەنگاوێکە بۆ سەرلەنوێ چرۆکردن و گەشەکردنی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتی کە سەدەیەکە لە ناخی ئەم خاکە دێرینەماندا ئاواتی بۆ دەخوازرا”.
دەشڵێت، کاتی ئەوەیە ئیرادەی ژیانی هاوبەش و یەکسان بخەینە سەرووی هەموو شتێکەوە و، با لەمەودوا لەم وڵاتەدا دەنگی سیاسەت بەرزبێتەوە، نەک ئینکاری و چەک؛ دەنگی لێکتێگەیشتنی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی، نەک تووڕەیی، دەنگی ژیانی پێکەوەیی و یەکسان، نەک جیایی.
دەم پارتى داواش لە دامەزراوەکانى تورکیا و پەرلەمانى وڵاتەکەش دەکات “بەرپرسیارێتی هەڵبگرن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی راستەقینەی تورکیا”.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ پارتی كرێكارانی كوردستان “پەکەکە” بڵاویکردەوە کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کۆنگرەی خۆیان بەسەركەوتوویی ئەنجامداوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەم كۆنگرەیەدا پەكەكە چەند بڕیارێكی مێژووی دەركردووە ئەمەش لە چوارچێوەی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان-دا و لە زووترین كاتیشدا تەواوی وردەكاریی بڕیارەكانی خۆیان ئاشكرادەكەن.