زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی رایگەیاند، من ئەو کارە دەکەم کە خەڵكی سلێمانی دڵیان پێیخۆشدەبێت و دەیانەوێت، لە ئەمڕۆوە زیاتر خزمەتکاری خەڵک دەبم.
لەدوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو زیاد جەبار لە رێورەسمێکدا رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان هەمیشە کاریگەری گەورەیان هەبووە، راستە گلەیی لە ژمارەیەکیان هەیە، کەموکورتی هەیە، بەڵام زیاتر لە 10 هەزار کەس لەم دەزگایانەدا کاردەکەن، کە پڕن لە خەڵکی تێکۆشەر و ماندوونەناس و دڵسۆز، بەڵام رەنگە کۆمەڵێک خەڵكی هەلپەرست تێکەڵیان بووبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە حزبی خزمەتگوزاری خەڵكین، بۆیە دەبێت سەرجەم دامەزراوەکان وا پەروەردە بکەین فێریان بکەین چۆن خزمەتی خەڵك بکەین، لە مانگی 11 ەوە لەبارەی گۆڕانکاری لە دامەزراوەکان لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەداین، تا دوێنێ لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری کۆتایی لێدرا، بە دڵنیاییەوە دامەزراوە ئەمنییەکانیش بەدەرنین لەم گۆڕانکارییانە.
لە درێژەی وتەکانیدا زیاد جەبار جەختیکردەوە، ئەگەر لە رابردوودا دوو سێ کەسی بێچەکم لەگەڵ بووبێت لە کاتی دەرچوونم دڵنیاتان دەکەمەوە لە ئەمڕۆوە بەتەنیا دەچم، من ئەوە دەکەم کە خەڵکی سلێمانی دەیەوێت و دڵی پێیخۆشە.