شارەزایەکی کەشناسی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەورەبروسکە و بارانبارین دەستپێدەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە رۆژی شەممەی ھەفتەی داھاتووەوە، شەپۆلێکی بارانبارین بە هەورەبروسکەوە روو لە ناوچەکەمان دەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناری بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی باکوری ئەفریقا و ھاتنی کەمێک شێ لە دەریای سوورەوە، لەم ماوەیەدا کەشێکی گەرم لە ناوچەکانماندا دەستیپێکردووە لەگەڵ خۆڵبارین و بوونی ھەوری بەرز و کەمباران.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامیی دەبێت لە رۆژانی داھاتوودا و لە رۆژی شەممەوە 26/4/2025، شێی زیاتر لە دەریای سوورەوە دەگاتە ناوچەکانمان و لەگەڵ بوونی بارستەھەوایەکی ساردیش لە بەرگەھەوای سەرەوەدا لەسەر ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا، بەھۆیەوە ناسەقامگیرییەکی لاواز لە بەرگەھەوای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا دروستدەبێت.

دەشڵێت، لە نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە، ئەگەری چالاکبوونی با و ھەورەبروسکە و نمەباران لە ناوچە جیاجیاکاندا دەبێت و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، رێژەی باران و ھەورەبروسکە زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا .

ئاراس جەبار ئەوەشیخستووەتەڕوو، کاریگەریی ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوھەوا، تا رۆژی چوارشەممەی داھاتوو، 30/4/2025 بەردەوامیی دەبێت و ناوبەناو ھەورەبروسکە و بارانی کەم بۆ مامناوەند لە شوێن و کاتی جیاوازدا چالاک دەبێت و لە ھەندێک شوێنیشدا، تاوەبارانەکان باش دەبن، بەتایبەت سنووری ناوچە شاخاوییەکان بەگشتی و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران بەتایبەتی.

لەبارەی پلەی گەرمییەوە، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت، بە درێژایی ئەو ماوەیە گۆڕانکاریی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، تەنھا لەکاتی بارانبارین، بە رێژەیەکی کەم نزمدەبێتەوە و حاڵەتەکە بەگشتی لە بارستەھەوایەکی گەرم و شێدار پێکھاتووە لە ئاستەکانی رووی زەوی و بەرگەھەوای نزمدا، لەبەرئەوە کەشەکە گەرم و شێدار دەبێت، لە ئاستەکانی بەرگەھەوای سەرەوەشدا، بارستەھەوایەکی سارد ھەیە کاتێک ھەوای گەرم و شێداری خوارەوەی بەرگەھەوا بەرزدەبێتەوە بۆ ھەوا ساردەکە، چڕدەبێتەوە و ئەو ھەورە ناجێگیرانە دروستدەبێت کە ھەورەبروسکەیان لێ دروستدەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share