لەدوای گیانلەدەستدانی ژنێک بەهۆی نەشتەرگەریی لابردنی چەوری زیادەی ورگ، وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە و ئەو نەخۆشخانەیەی نەشتەرگەرییەکەی تێداکراوە بڕیاریدا.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەدوای گیانلەدەستدانی هاوڵاتی شۆخان عەبدوڵا بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری، لەبەرامبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری کاری نەشتەرگەریی جوانکاری و نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی لە نەخۆشخانەی ناوبراو، رێککاری توندی یاسایی بەرامبەر بە پزیشک د. ئارام عەبدوڵا محەمەد و نەخۆشخانەی سەفین_ ی تایبەت گیراوەتەبەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونی دادوەری داواکاری گشتی و نوێنەری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە، د. ئارام عەبدوڵا محەمەد پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لەکارکردنی رادەگیرێت تا کۆتایی هاتنی کارەکانی لێژنەی لێكۆڵینەوە، بەهۆی ئەوەی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە کاری پسپۆڕی ئەم پزیشکە نییە، بەڵکو نەشتەرگەرییەکە کاری پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکارییە نەوەک نەشتەرگەریی گشتی.
جەختیشیکردەوە،بڕیاردراوە بە پێبژاردنی نەخۆشخانەی سەفین_ی تایبەت بەهۆی سەرپێچی کردنی یاسا و رێنماییەکان تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی پزیشکی ناوبراو لە لیستی میلاکی ئەم نەخۆشخانەیە و داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ناوبراو لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و چارەسەرییەکان.