تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، نەشتەرگەریی لابردنی چەویی ورگ و نەشتەرگەریی تایبەت بە دابەزاندنی كێش راگیران.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڕیاریدا بە راگرتنی هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەریی لابردنی چەوریی ورگ و نەشتەرگەریی تایبەت بە دابەزاندنی كێش لە هەموو نەخۆشخانە حكومی و ناحکومییەکان بۆ ماوەیەكی كاتی، هەتاوەكو بە هەماهەنگیی سەندیكای پزیشكانی كوردستان و كۆمەڵە پزشیكییەكان، رێنمایی نوێی تایبەت بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەكرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە نووسراوێک، ئاگاداری سەرجەم نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتی کردووەتەوە، کە هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەریی تایبەت بە دابەزاندنی كێش و لابردنی چەوری بوەستێنن، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، تاوەكو بە نووسراوێكی تر ئاگاداریان دەكەنەوە، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكار دەگیرێتەبەر.