پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، عێراق چوارەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە. دەشڵێت، سلێمانی دەتوانێت رۆڵی سەرەکی ببینێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیاردەی تێکچوونی ژینگە، وشکەساڵ و بەبیابانبوون بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ناوچەکە، بەڵام سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان هەیە ببنە بەشێک لە چارەسەری ئەم قەیرانە ژینگەییە.
وتیشی، ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی چارەسەری کێشەکانی بەبیابانبوون و وشکەساڵی نەکرێت، پێشبینیدەکرێت ساڵانی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، روو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە ئەمەش دەبێتەهۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و جوگرافی و، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی کار دروستدەکات و ئەگەری دروستبوونی شەڕ و ململانێ دروستدەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی خاوەنی ئەو توانایانەیە کە رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ژینگەیی، ئەمەش بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر و دووربوون لە هۆکارەکانی پیسبوون، جگە لە هۆشیاریی کۆمەڵگە لە گرنگیی پاراستنی ژینگە؛ بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بەو رۆڵە، پێویستی بە پشتیوانیی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.