چەند هەنگاوێک لە تەندروستیی سلێمانییەوە بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی چەند هەنگاوێک بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەخاتەڕوو.

تەندروستیی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، ئەو شوێنانەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تێیاندا بڵاوبووەتەوە، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگرنەبەر:

1- گۆشتی ئاژەڵی ماڵی لەناو دەفرێک بە داپۆشراوی بپارێزە لە دژی قرتێنەر.

2- پاشماوەکان لە سەبەتەی خۆڵی دژە قرتێنەر فڕێبدە و زووزوو سەبەتە خۆڵەکە پاکبکەرەوە و خێرا پاشماوەکان فڕێبدە.

3- دەرگا و پەنجەرەکان بەباشی بە پەردەی دژە مێشوولە دابپۆشە.

4- دار، خشت و کەرەستەکانی دیکە بەلانی کەم 40 مەتر لە ماڵەکەت دووربخەرەوە.

5- گژوگیا لاببە و لق و پۆپی زیادەی دارەکان ببڕەوە.

تەندروستیی سلێمانی چەند نیشانەیەکی توشبوون بەو نەخۆشییەی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە، (هێڵنج و رشانەوە، ئازاری ماسولکە، ئێسک یان جومگەکان، تا، سکچوون، گێژخواردن و ماندوبوون و شەکەتی).

دەشڵێت، بەشێک لە نیشانەکان، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروستدەکەن، لەوانە، (خوێنبەربوونی ژێر پێست، ناڕێکی لە کاری کۆئەندامی دەمار، لەدەستدانی هۆش، پەککەوتنی گورچیلە، هەناسەدان و جگەر).

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەوەشیخستووەتەڕوو، ئەم هۆکارانەی خوارەوە، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکەن:

– کارکردن لەگەڵ کەسانی توشبوو.

– خواردن یان سەربڕینی ئاژەڵی توشبوو.

– دووبارە بەکارهێنانی سرنجی بەکارهاتوو لەڕێی دەمارەوە.

– ئەنجامدانی کرداری (سێکس) بەبێ خۆپارێزی.

– کارکردن لە دەرەوە، یان لەو باڵەخانانەی مشکیان تێدایە.

– بەرکەوتن بەر خوێن، یان شلەکانی تری کەسێکی توشبوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share