پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، “کەسێکمان دەستگیرکرد کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەدان ژنی فریوداوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “هێزەکانمان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر کەسێکیان دەستگیرکرد کە لەڕێگەی پەیجەکانەوە ریکلامی بۆخۆی کردووە گوایه ژن وەک سکرتێری پزیشک و یاریدەدەری دەرمانساز دادەمەزرێنێت بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایەکی لە تەندروستیدا هەبێ یاخود راسپێردرابێت، لە ریکلامەکاندا ژمارە مۆبایلی خۆی داناوە و دواتر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەدان ژنی فریوداوە و داوای وێنە و زانیاریی کەسی لێکردوون”.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، “ئەو کەسە دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە وتەی خۆی لە ساڵی 2019 تاوەکو ئێستا خەریکی ئەو کارەیە و وێنەی کەسانی تری بۆ خانمان ناردووە و پێی وتوون ئەوە خۆیەتی بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت”.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە، “دوای دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەشی ئاشکرابوو سەدان وێنەی ژنانی تێدایە، تۆمەتبار ئەپەکانی سناپ و ڤایبەر و واتساپی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا بەکارهێناوە و جگە لەوێنە و زانیاریی کەسی داوای پارەشی لێکردوون”.
ئەوەش هاتووە، “پاش ئەوەی لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیرکراوە کە دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینە”.