مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بودجەی ساڵی 2025 هیچ پرۆژە و دامەزراندنێکی نوێ لەخۆناگرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “دواکەوتنێکی بەرچاو لە دابینکردنی دارایی بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان هەیە، هەر بۆیە رێنمایی و بڕیاری پێشوەختە دەرچووە کە هیچ پرۆژەیەکی نوێ نەخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2025 بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت پارەی پرۆژەکانی پێشوو دابینبکات”.
دەشڵێت، بەمپێیە بێت، لە بودجەی ساڵی 2025ـدا هیچ پلانێک بۆ پرۆژەی نوێ نییە و ئەوەی کە هەبێت، تەرخاندەکرێت بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم بڕیارەمان بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان داوە، بۆ ئەوەی حکومەت ئاراستە بکرێت کە پلان بۆ پرۆژەی نوێ دانەڕێژێت و بەردەوام بێت لە تەواوکردنی ئەوانەی ئێستا هەن”.
پێشبینیدەکرێت، کۆی بودجەی ساڵی 2025 بگاتە 200 تریلیۆن دینار، بە وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، دوو لەسەر سێی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخاندەکرێت.