وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لە سبەینێ شەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی ناکوژێتەوە، هۆکارەکەشی رووندەکاتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دیاریکراوی لە سەنتەری شاری سلێمانی وەزارەتەکە هەڵدەستێت بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سبەینێ شەممە 2025/3/15 کاتژمێر 10 تاقیکردنەوەکە دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی سێشەممە 2025/3/18 بەردەوامدەبێت و لەم نێوەدا کارەبای نیشتیمانی بەردەوام کارادەبێت.
دەشڵێت، “ئەم تاقیکردنەوەیە رێکارێکی رۆتینییە بۆ تۆڕی کارەبا ئەنجامدەدرێت لەلایەن وەزارەتی کارەبا، بە ئامانجی دۆزینەوە و دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا”.
باس لەوەشدەکات، “ئەم تاقیکردنەوەیە هەموو گەڕەکەکانی ناوشار ناگرێتەوە و سنووردارە لە چەند شوێنێکی دەستنیشانکراو، بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی کارەبا هاوڵاتییان پێشوەختە ئاگاداردەکاتەوە لە ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی کارەبا لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە”.