لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە هێنانەکایەی ئاشتی و رێککەوتن لە رۆژئاوای کوردستان.
لەتیف نێروەیی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هەر لە سەرەتای شەڕی دژی داعش، یەکێتی و بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی، پاڵپشتێکی بەردەوامی شۆڕشی گەلی کورد بوون لە رۆژئاوا دژی داعش، کاتێکیش کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هات، یەکەم سەرکردەی کورد کە پەیامی بۆ رۆژئاوا نارد بافڵ تاڵەبانی بوو و داوایکرد مافی پێکهاتەکان و گەلی کورد رەچاوبکرێت.
وتیشی، لە کۆنفرانسی میونشن، سەرۆکی یەکێتی نوێنەرایەتیی رۆژئاواشی کرد و بەشێک لە پەیامەکەی لەوێ، تایبەتبوو بە رۆژئاوای کوردستان و مافی گەلی کورد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پانێڵی بەغدادیش، بافڵ پەیامی هەبوو بۆ کوردانی رۆژئاوا کە کێشەکان چارەسەربکرێن و مافی گەلی کورد لە سوریا پارێزراو بێت
لەبارەی پەیامی سەرۆکی یەکێتی تایبەت بە رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا، لەتیف نێروەیی رایگەیاند، ئەمە رێککەوتنێکی گەورە و مێژووییە بۆ هەموو گەلی کوردستان و دەستکەوتێکە بۆ سوریا، سەقامگیری دەگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە توندوتیژی دەهێنێت.
باسیلەوەشکرد، گرنگە تەواوی خەڵکی کوردستان بە گرنگییەوە لەم رێککەوتنە بڕوانن و هاوشێوەی بافڵ تاڵەبانی پشتگیریی بکەن، بەوانەشەوە کە پێیانوابووە هەسەدە چەک دادەنێت.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی دەشڵێت، “سەرۆک مام جەلال لە ساڵی 1992ـەوە ئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی بووە لە تورکیا و لەوکاتەوە تائێستا، یەکێتی لەسەر هەمان رێباز بەردەوامە و بۆ بابەتی سوریاش، بافڵ تاڵەبانی هەمان ئاراستەی هەبووە”.
ئەوەشی وت، “پێشتر سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و سوریا دادەخرا، لەمەودوا دەکرێتەوە و بەمەش پەیوەندیی هەرێم، لەگەڵ رۆژئاوا و سوریا دەچێتە قۆناغێکی باشترەوە”.
لەبارەی هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی، ناوبراو رایگەیاند، “سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی نێودەوڵەتی، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و رێککەوتن بۆ رۆژئاوای کوردستان و رۆڵێکی کاریگەری هەبووە”.