ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو جەژن حکومەتی هەرێم تەنها فریای دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەکەوێت، بەهۆی ئەو گرفتانەی رووبەرووی هەرێم بووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر نەوت لە رێگای سۆمۆوە بفرۆشرێت ئەوا دەتوانین داوای نەوت و گاز و بەنزینی پاڵپشتیکراو بکەین و داوای بودجەی وەبەرهێنان لە بەغداد بکەین، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیاندایە.
دەشڵێت، “ئەگەر پێشهاتەکان بەم جۆرە بن، زەحمەتە لە ئێستادا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، چونکە لە ئێستادا نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێم لە پێشتردا ئاماژەی بەوەدابوو، کە داهاتە نانەوتییەکانی دەگاتە 350 ملیار دیناری مانگانە، بەڵام لەکۆی ئەو ژمارەیە تەنها 50 ملیار دیناری بۆ بەغداد ناردووە، هەربۆیە عێراق بەو بڕە پارەیە رازی نییە کە هەرێم وەکو داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراقی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان نایەوێت حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچە بخاتە سەر هەژماری بانکی عێراق، بەڵکو پێی راگەیاندوون کە دەبێت بخرێتە سەر بانکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها تاوەکو جەژنی رەمەزان حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها فریای دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەکەوێت.