سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، لەسەر ئاستی پارێزگا یەكێتی سێ پۆست وەردەگرێت و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستبەكاربن.
محەمەد كاكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشتر بڕیاردرا یەكێتی سێ پۆست لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا وەربگرێت كە بریتیبوون لە قائیمقامی مەخمور و بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانكێ، بەڵام دواتر بڕیارەكە راگیرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە چەند رۆژی رابردوودا دادگای فیدراڵیی عێراق پشتڕاستیكردووەتەوە كە دەبێت گۆڕانكارییەكە جێبەجێبكرێت و هەر كات نووسراوەكە گەیشتە پارێزگا فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ دەردەكرێت.
وتیشی، “بۆ پۆستی قائیمقامی مەخمور سەردار سیامەند دەستنیشانكراوە و بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ داود جندی و بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی وانكێ یاسر عساف دەستنیشانكراوە”.