بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین ئاستی ئاوی بەنداوەکان نزمترن لە ساڵی رابردوو، دڵنیاییشیدا کێشەی کەمئاوی دروستنابێت.
رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە تا ئێستا بڕی بارانبارین کەمتر بووە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا، بەڵام لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان بەراورد بە هەولێر و دهۆک بڕی بارانبارین زیاتربووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمی بارانبارین کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان و کەمبوونی ئەو ئاوانەی لە سەرچاوەکانەوە دێنەوە بۆ بەنداوەکان، هەرچەندە ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان نزیکە لە ئاستی ساڵی رابردوو، بەڵام هێشتا ئەو ئاوەی لە سەرچاوەکانەوە بۆیان دێت کەمن، بە تایبەت بەنداوی دوکان.
ئاشکراشیکرد، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا چەندین شەپۆلی کەمئاویمان دیوە، چەندین جار ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان لە ئاستی ئێستایان زیاتر دابەزیون، بەڵام توانراوە بە بەرنامەیەکی گونجاو بە شێوەیەک کاری پێبکرێت کە ئاوی هاوڵاتییان دابینبکات.
رەحمان خانی جەختیشیکردەوە، هێشتا زووە بڕیار لەسەر دۆخی بەنداوەکان بدەین بۆ هاوینی داهاتوو، چونکە بارانبارینی سێ مانگمان ماوە، جگە لە توانەوەی بەفری ناوچە شاخاوییەکان، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی پێویستیشدا نەبێت، کێشەی کەمئاوی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییانی شارەکان و بەشی خوارەوەی بەنداوەکان دروست نابێت.