دەستەی نیشتمانیی دەرمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە دوو ڤاکسینی نوێی دژی کۆرۆنایان بۆ بەکارهێنانی بەپەلە پەسەندکردووە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستەی نیشتمانی دەرمانی عێراق ئاشکرایکرد، هەردوو ڤاکسینی ئەسترازێنیکا-ئۆکسفۆرد و ڤاکسینی سینۆفارمی چینی پەسەندکراون تاوەکو بەپەلە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربهێنرێن.
ئاماژەبەوەشکراوە، لە دیارترین هۆکارەکانی پەسەندکردنی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا-ئۆکسفۆرد دەگەڕێتەوە بۆ کەمی تێچووی هەر ژەمە ڤاکسینێکی کە دەکاتە (2.5) یۆرۆ کە بەرامبەرە بە سێ دۆلار، بەراورد بە هەر ژەمە ڤاکسینێکی فایزەر-بایۆنتێک کە تێچووەکەی دەکاتە نزیکەی 20 دۆلار و ژەمە ڤاکسینێکی مۆدێرنا کە تێچووەکەی 30 دۆلارە.
بەڵام ڤاکسینی سینۆفارم کاردەکات لەسەر بەهێزکردنی دەزگای بەرگری جەستەی مرۆڤ و کاردەکاتە سەر ئەو تەنە نامۆیانەی ڤایرۆسەکە کە لە جەستەدا هەن و ئەو پرۆتینەی دەوری ڤایرۆسەکەی داوە.
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق پەسەندکردنی ڤاکسینی فایزەری ڕاگەیاند و بەپێی وتەبێژی وەزارەت یەک ملیۆن و 500 هەزار ژەمە ڤاکسینی فایزەرلەم مانگەدا دەگاتە عێراق.