لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی گەشتە گەشتیاری و بازرگانییەکان بۆ یارمەتیدانی بوژاندنەوەی ئابوورییەکەی، چین مافی چوونە ناو وڵاتەکەی بەبێ ڤیزا بە نۆ وڵاتی دیکە بەخشی.
لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، لە 30ی ئەم مانگەوە گەشتیارانی وڵاتانی بولگاریا، رۆمانیا، ماڵتا، کرواتیا، مۆنتینیگرۆ، باکوری مەکەدۆنیا، ئیستۆنیا، لاتڤیا و ژاپۆن دەتوانن بەبێ ڤیزا بچنە ناو چین و تاوەکو 30 رۆژ بمێننەوە.
بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە مافی چوونە ناو چینیان بە بێ ڤیزە بە هاووڵاتیانیان دراوە، گەیشتە 38 وڵات.
لین ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی ماوەی مانەوە کە بەپێی چوونە ژوورەوەی بێ ڤیزە لە 15 رۆژەوە رێگەپێدراوە، هەروەها ئەو کەسانەی بەشداری بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری دەکەن بۆ یەکەمجار مافی چوونە ژوورەوەیان هەیە.
چین پاڵپشتی ئاڵوگۆڕی نێوان خوێندکاران و ئەکادیمی و کەسانی دیکە دەکات لە هەوڵێکدا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا چین سنووردارکردنی توندی بۆ چوونە ناو خاکی وڵاتەکەی سەپاند، کە زۆر دواتر لە زۆربەی وڵاتانی دیکە کۆتایی پێهات.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە و بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی کونسوڵگەری لە وەزارەتی دەرەوەی چین، لە ماوەی مانگی تەمموز تا ئەیلولی 2024، چین 8.2 ملیۆن کەس چوونەتە ناو وڵاتی چینەوە، کە 4.9 ملیۆن کەسیان بێ ڤیزە چوون.