شارەزایەكی ئابوری دەڵێت، عێراق لە ساڵێكدا بە بەهای زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار ئیندۆمی هاوردەكردووە و دەشڵێت، گەورەیی قەبارەی هاوردەكردنەكە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا.
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابوری لە نووسینێكدا دەڵێت، بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گومرگ، عێراق لە ساڵی 2023دا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە جگە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، 64 هەزار و 185 تۆن ئیندۆمی بە بەهای 17.7 ملیۆن دۆلار (23.6 مليار دينار) هاوردەکردووە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 18% زیادیکردووە.
دەشڵێت، “دەشێت بەهای هاوردەکردنی ئیندۆمی لەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت و، رەنگە لە داهاتوودا 50 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت”.
بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سەری لەو ژمارەیە سوڕماوە و پرسیاری ئەوەیان کردووە، کە ئایا عێراقییەکان بەو رادەیە حەزیان لە ئیندۆمییە؟ یاخود ئەمە ئامرازێکە بۆ بردنەدەرەوەی دۆلار بە قاچاخ، مەرسومی وادەڵێت.