قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا كە ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی ستیڤ بێتنەر، كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزیری سامانە سروشتییەكان بەڕێوەچوو، هەردوولا دۆخی هەرێمی كوردستانیان لە دوای هەڵبژاردن و میكانیزمەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان تاوتوێكرد.
قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە، “یەكێتی دیدگایەكی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و كراوەشە بەڕووی هەموو ئەوانەی لەو دیدگایەوە نزیكن لە پڕۆسەكەدا”.
لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەلەكردن لەو پڕۆسەیە و پێشگرتن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی ناوچەیی و هەرێمایەتی.
قوباد تاڵەبانی جەختیشیكردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەرپرسیار لەبەردەم خەڵكی كوردستان كە دادگەرانە و بە شێوازێكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە كار بكات.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و ململانێیەكانی ناوچەكە، جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و كاركردنی هاوبەش بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر بنەمای دیالۆگ و بەرژەوەندیی هاوبەش كرایەوە.