هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ژاپۆن دەستیپێكرد

ئەمڕۆ ناوەندەكانی دەنگدان لە ژاپۆن كرانەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان كە چاوەڕوان دەكرێت ئاستەم بێت بۆ شیگیرۆ ئیشیبا-ی سەرۆك وەزیرانی نوێ بەهۆی ئەوەی بەپێی راپرسییەكان رووبەڕووی لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی دەبێتەوە.

ئیشیبا (67 ساڵ) خۆی داوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی كرد پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لە 1ی تشرینی یەكەم، بەهیوای پتەوكردنی بناغەی دەسەڵاتەكەی.

بەڵام حزبەكەی، لیبراڵی دیموكراتی (راستڕەوی نەریتخواز) كە تێوەگلاوە لە گەندەڵییەكی داراییەوە، لەگەڵ پارتی كۆمیتۆ (راستڕەوی ناوەند)ی هاوبەشی لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتداردا، رووبەڕووی ئاستەنگی بردنەوەی زۆرینەی سادە (233 كورسی لە كۆی 465 كورسی) لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبنەوە، بەپێی زۆرێك لە راپرسییەكان.

ئەنجامێكی لەم جۆرە بە نزیكەیی بێپێشینە دەبێت لە مێژووی پارتی لیبراڵی دیموكراتی كە توانیویەتی بە نزیكەیی بە درێژایی 69 ساڵی مێژووی خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ئیشیبا لەمیانەی هەڵمەتەكانی بانگەشەدا بەڵێنی “ژاپۆنێكی نوێ”ی بە دەنگدەران دا، بەهیوای جێبەجێكردنی بەرنامەكەی بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و بەرگری و زیادكردنی پاڵپشتیی ئەو خێزانانەی داهاتێكی كەمیان هەیە.

بەڵام حزبەكەی رووبەڕووی ئاستەنگی لە هەڵدانەوەی ئەو پەڕەی گەندەڵییە دەبێتەوە كە تێوەیگلاوە و بەهۆیەوە فۆمیۆ كیشیدا-ی سەرۆك وەزیرانی پێشوو جەماوەرەكەی لەدەستدا.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت و زێڕ بەرزە

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share