وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە ئەو بڕە پارەیەی تایبەت بووە بە مووچەی مووچەخۆران و گلدرابووەوە بنێرێت كە حكومەتی عێراق دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی عێراق پارەكە بنێرێت و نزیكەیی 600 ملیار دینارە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەفتەی رابردوو وەفدێكی عێراق هاتنە هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كرا بە تایبەت بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە رێككەوتن كراوە و دواتر رێككەوتنەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەردراوە و وەزارەتی دارایی عێراق راسپێدرا ئەو بڕە پارەیەی گلدراوەتەوە بنێرێت و ئەو تێبینییانەی لەسەر لیستی مووچە هەبوون هەرێمی كوردستان چارەسەری بكات و بەو میكانیزمە تاكۆتایی ئەمساڵ ناردنی مووچە بەردەوامبێت.
ئاشكراشیكرد، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رەزامەند بووە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران كە نزیكەی 600 ملیار دیناربووە و گلدراوەتەو بنێرێت لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی دیكەی لەبەردەستدایە بۆ مووچە ئامادەدەکرێت.