دەزگای لوتکە: پەڕینەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا زیادیکردووە

دەزگای لوتکە، رایگەیاند، پەڕینەوە لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا رەوتێکی نائاساییە، بەڵام لە زیادبووندایە.

دەشڵێت، کەناڵی ئینگلیز ئەو کەناڵە ئاوییەیە کە کۆچبەران پێیدا دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا و یەکێکە لە قەرەباڵغترین رێگا ئاوییەکانی ئەوروپا.

باس لەوەش دەکات، لە مانگی یەکەوە زیاتر لە سەد کۆچبەر لە فەرەنسا بەهۆی پەڕینەوە بەو ئاراستەیە دەستگیرکراون، هەندێکیان بەریتانیایان وەک دەرگایەک بەکارهێنابوو بۆ چوونە ناو فەرەنسا.

بەپێی ئاماری دەزگای لوتکە، ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەر بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە بەرەو بەریتانیا، بەڵام هەندێکیان گەشتەکەیان بە ئاراستەی پێچەوانە ئەنجامدەدەن، هەرچەندە پەراوێزخراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چاودێریی ئەم دیاردەیە دەکەن، کە بە “لێشاوی پێچەوانە” ناوی دەبەن.

دەزگای لوتکە، دەڵێت، بەپێی ئەو ئامارانەی دەستیان کەوتوون، لەسەرەتای ساڵی 2024دا زیاتر لە 100کۆچبەر بەهۆی پەڕینەوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا کە لە ساڵانی پێشوودا کەمتر لە پێنج کەس ئەم جۆرە گەڕانەوەیان ئەنجامداوە، ئەمەش سەرنجی دەسەڵاتدارانی فەرەنسای بەلای چوونە ژوورەوەی نایاسایی بۆ ناو خاکی فەرەنسا لە بەریتانیاوە راکێشاوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، لە نێو ئەم (لێشاوی پێچەوانە)دا دوو جۆر کۆچبەر هەن: یەکەمیان ئەو کۆچبەرانەن کە ئامانجیان فەرەنسا بووە وەک دوا شوێنی خۆیان لەڕێگەیی بەریتانیاوە، ئەوانە زۆرجار لە ناو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیدا دەستگیر دەکرێن ، لە شەمەندەفەردا یان بە کەشتی لە سنووری فەرەنسا لەلایەن گومرگ یان پۆلیسەوە دەستنیشان دەکرێن، بۆیە دیپۆرتکردنەوە وەردەگرن لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن دادەنرێن، یان سوودمەند دەبن لە رێوشوێنی گەڕانەوە و هەندێکیان داوای مافی پەنابەریش دەکەن.

دەزگای لوتکە دەڵێت، جۆری دووەم ئەو کۆچبەرانەن کە بێ ئومێد دەبن لە ژیان و یاسا و مافی پەنابەران و کارکردن لە وڵاتی بەریتانیا، بۆیە هانا دەبەنە بەر گەڕانەوە بۆ وڵاتی فەرەنسا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای لوتکە، قاچاخچییەکان داوای نزیکەی دوو هەزار یۆرۆ دەکەن بۆ گەشتی گەڕانەوە بە بار هەڵگر.

هەر بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، سەرەڕای مەترسیەکانی گەڕانەوە بۆ فەرەنسا لە بەریتانیاوە لە ئیستادا بە دەیان کۆچبەر ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی فەرەنسا، بە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی لەبەرامبەر پێدانی مافی مانەوە لە بەریتانیادا، ئەمەش چاوی دەسەڵاتدارانی فەرەنسایی زیاتر کردووەتەوە و لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لەو گەڕانەوە مەترسیدارەی کە کۆچبەران ئەنجامیدەدەن .

 

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 ملیۆن کارتی نیشتمانی بە هاوڵاتییان دراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share