ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هیچ نیازێک بۆ چاپکردنی دراوی کاغەزیی نوێ لە ئارادا نییە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە چاپکردنی دراوی کاغەزیی نوێ روونکردەوە دەدات و دەڵێت، ”هیچ نیازێک لەوبارەیەوە نییە و پارەی نەختینەی پێویست لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دابیندەکرێت”.

موعین کازمی، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ”هیچ نیازێک لە ئارادا نییە دراوی کاغەزیی نوێ لە بانکی ناوەندی چاپبکرێت و وەزارەتی دارایی دوو رۆژ لەمەوبەر دەستیکرد بە تەمویلکردنی مووچەی وەزارەتەکان”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ”ئەو پارەیەی کە مانگانە پێویستە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە نزیکەی 7 ترلیۆن و 500 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت، کە دەدرێت بە چوار ملیۆن فەرمانبەر، چوار ملیۆن سوودمەند بوو لە خانەنشینی و دوو ملیۆن کەسیش لە سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی”.

روونیشیکردەوە، ”ئەو بڕە هەموو مانگێک ئامادە دەکرێت بەبێ هیچ کورتهێنانێک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەناردەی ئێستای نەوت نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە بە نرخی زیاتر لە 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، ”نەختینەی پێویست لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دابیندەکرێت و دەگەیەنرێتە وەزارەتی دارایی، کە دواتر لەوێشەوە دەگەیەندرێتە وەزارەت و پارێزگاکان و هیچ کێشەیەکی پارەی نەختینە بوونی نییە”.

بابەتی پێشتر

پلەی گەرمی لە بەستەڵەکی باشووری زەوی هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر جیهان

بابەتی دواتر

کاتی کاراکردنی زانکۆلاین راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share