چی دەربارەی سوودەكانی بەڕۆژووبوونی پچر پچر دەزانیت؟

لەم ساڵانەی دواییدا ئاراستەیەك بەرەو سیستمی خۆراكیی “بەڕۆژووبوونی پچر پچر”ی شەوانە زیادیكردووە كە مەبەست لێی دابەزاندنی كێش و باشكردنی تەندروستیی گشتی و سوودەكانی دیكەیە.

بەڕۆژووبوونی پچڕ پچڕ بریتییە لە وازهێنان لە خواردن لەماوەی شەو و تەنها خواردنەوەی ئاو و چاو و قاوەی بێ شەكر، لە بەرامبەریشیدا نانخواردن لە كاتەكانی دیكەی رۆژدا.

سایتی ئەی بی سی باس لە ئەزموونی دیزیریە ڤالدێز دەكات كە مامۆستایەكی بیركارییە و لەماوەی رابردوودا رووبەڕووی زیادبوونی كێش و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بووەوە، بەر لەوەی ئەزموونی 16 كاتژمێر بەڕۆژووبوون لە كاتەكانی ئێوارەی درەنگەوە و، نانخواردن لەماوەی هەشت كاتژمێری رۆژدا بكات.

ئەو كارەشی لەسەر رێنوێنی دكتۆر ماریا دیلگادۆ-ی پسپۆڕی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە ناوەندی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە زانكۆی میامی كرد، كە ڤالدێزی هاندا بۆ تاقیكردنەوەی ئەو شێوازی بەڕۆژووبوونە بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی جەستەی بۆ باری ئاسایی خۆی.

ئەو پزیشكە دەڵێت، بەڕۆژووبوونی شەوانە میتابۆلیزم رێكدەخات، رێگری لە بەرزبوونەوەی شەكر لە خوێندا لە كاتە درەنگانەكانی شەودا دەكات و، هەوكردن كەمدەكاتەوە.

دیلگادۆ وتی، “شەو ئەو كاتەیە كە خانەكان تیایدا پشوودەدەن و نوێدەبنەوە، بۆیە دەتوانیت لەو كاتەدا جەستەت پاكبكەیتەوە كە خواردنی تیادا ناخۆیت”.

لەماوەی ئەو 16 كاتژمێرەدا، ڤالدێز پابەندە بە تەنها خواردنەوەی ئاو، چای سەوز و قاوەی رەش، لە هەشت كاتژمێرەكەی دیكەشدا چی بووێت، دەیخوات.

پاش شەش مانگ، بەهۆیەوە نزیكەی 30 كیلۆگرام لە كێشی دابەزاند، فشاری خوێنیشی سروشتی بووەوە.

ئەم بەڕۆژووبوونە پشت بە ریتمەکانی رۆژانەی کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە دەبەستێت.

كارل جۆنسن، مامۆستا زانستی بایۆلۆجی لە زانكۆی ڤاندربیلت، كە سەرپەرشتیی توێژینەوەیەكی لەو بارەیەوە كردووە، وتی، “چەندین توێژینەوە هەیە لەسەر گیاندار و مرۆڤ و ئاماژە بەوەدەكەن كە كارەكە پەیوەندیدار نییە بەو بڕەی دەیخۆیت، بەڵكو بەوەی كەی دەیخۆیت”.

روونیشیكردەوە، خواردنی ژەمی قورس لە كاتی درەنگی شەودا توانای جەستە لەسەر بەئامانجگرتنی چەورییە ئەمباركراوەكانی جەستە بۆ بەدەستهێنانی وزە دوادەخات، لەبری ئەوە، ئەو كاربۆهیدراتە دەكاتە ئامانج كە دەتوانێت بە ئاسانی پێی بگات و، تازە هاتووەتە ناو جەستەوە.

وتیشی، “ئەوەی ئاشكرامان كردووە ئەوەیە كە ریتمی رۆژانەی جەستە سووتاندنی چەوری لە شەودا رێكدەخات”.

بەڕۆژووبوونی شەوانە تەنها نابێتەهۆی دابەزاندنی كێش، بەڵكو هاریكاری ئەو كەسانە دەكات كە تووشبوون بە هەندێك دۆخی نەخۆشیی وەك زەهایمەر.

توێژینەوەیەكیش كە لە زانكۆی كالیفۆرنیا ئەنجامدراوە ئاشكرایدەكات، ئەو مشكانەی بەپێی خشتەیەكی كاتیی سنووردار خۆراكیان پێدراوە، باشبوون لە یادگە و خەوتن تیایاندا بەدیكراوە.

بابەتی پێشتر

وەزیری پێشمەرگە: پڕۆسەی چاكسازی بەردەوامە و جددین لە گەیاندنی پڕۆسەكە بە دەرئەنجامی كۆتایی

بابەتی دواتر

ئاوڵەی مەیمون لە وڵاتێکی ئاسیایی تۆمارکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share