پەرلەمانتارێكی كورد نامەیەكی كراوە ئاراستەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەكات و دەڵێت، وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی بەغداد تایبەت بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی سەربازی، زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆمەدەن.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نامەكەدا رایگەیاند، تکایە تێبگەن وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی بەغداد تایبەت بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی سەربازی، زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆمەدەن، کەموکوڕییەکان چاکبکەن کە بۆتان دیاریکراوە،
دەشڵێت، “یەک جار لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران کاربکەن، با لەم گرفتە 10 ساڵییەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی مووچە رزگارمان بێت”.
سەبارەت بە كەموكوڕییەكانیش لە زاری چاودێری دارایی عێراق ئاماژەدەدات، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە ماوەی 11 ساڵە پەسەندنەکراوە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25)ی هەموارکراوە کە دەڵێ “بۆ هەموو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەندبکات”.
باس لەوەشدەكات، بەڕێوەبەرایەتیی بودجەی سەر بە وەزارەتی دارایی لیستی تەواوەتی و زانیاریی فەرمانبەرانی لانیە لە پلە و مووچە و دەرماڵە، لە 2023/2/26-ەوە چاودێری دارایی داوای دۆسیەی فەرمانبەرانی بەهەموو سەرەتاكانەوە کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ناونیشانی وەزیفیی فەرمانبەران کێشەی تێدایە و جیاوازی زۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە پێداچوونەوەی پێدابکرێت لەگەڵ فەرمانگەی بودجەی ناوەند.
هەروەها ئاشكرایكرد، لیستەکانی مووچە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ کە وردبینی کراوە کێشەکانی دیاریکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی چارەسەری نەکردووە.
کێشەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی رابردوودا ئاگادارکراون چارەسەری بکەن، وەزارەتی کارەبا بە نووسراوی ژمارە (8189 لە 2023/10/17) دەڵێ کێشەکەمان چارەسەرکردووە، بەڵام لە لیستی مووچەی مانگی (6)ی 2024 دەرکەوت کێشەکەتان چارەسەرنەکردووە، پینەکراوە! بۆیە مووچەی وەزارەتی کارەبا بۆ مانگی حوزەیران راگیرا، سۆران عومەر وادەڵێت.
هەروەها سەبارەت بە كێشەكانی دیكەی لیستی مووچەش چەند نمونەیەك باسدەكات:
– وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزار و 790 کەس زیادیکردووە.
وەزارەتی دارایی 100 ناو زیادیکردووە
وەزارەتی کارەبا 2460 کەس زیادە.
وەزارەتی پەروەردە 4316 کەس.
وەزارەتی ناوخۆ 1882 کەس.
وەزارەتی شارەوانی 1135 کەس.
ئەنجومەنی ئاسایش 474 کەس.
گرێبەستەکان 1241 کەس زیادە هەیە .
دەزگای ئاسایش 1409 کەس زیادیکردووە.
– زیادەی ژمارەی خانەنشینان لە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی خانەنشینی و وەزارەتی دارایی 12 هەزار خانەنشینە!
– وەزارەتی کارەبا دوو ملیار و 866 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
– دۆسێی کەمئەندامان تەواونیە و لیستەکانیان 35 ملیۆن دینار زیادی هەیە.
– وەزارەتی ئەوقاف 34 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
– خانەنشینان لە 14 بەڕێوەبەرایەتین، تەنها خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی و هەولێر مووچەکەیان مانگانە 55 ملیار و 352 ملیۆنە بەم جۆرە:
بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی مووچەیان 20 ملیار و 799 ملیۆنە.
بەڕێوەبەرێتیی خانەنشینی پێشمەرگەی هەولێر 34 ملیار و 552 ملیۆنە.
ئەو پەرلەمانتارە لە كۆتاییشدا دەڵێت، “لە 2023/10/11-ەوە چاودێریی دارایی عێراق داوای دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی کردووە بۆ پێداچوونەوە، بەڵام هەرێم پێینەداون، ئەمەش یەکێک لەو دۆسێیانەیە کە ناموستەحەقی زۆری تێدایە”.