وردەکاریی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی لە کەلار

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەلار رایگەیاند، ئەو ئاگرەی لە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی دیموکرات لە شاری کەلار کەوتەوە، کۆنتڕۆڵکراوە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

 

ئیبراهیم محەمەد وتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەلار بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە دوای گەیشتنمان بە شوێنی رووداو بۆمان دەرکەوت ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم ماڵی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22 ی پارتی ئاگریگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە زووترین کاتدا ئاگرەکەمان کۆنتڕۆڵکرد، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، تەنها شۆفێری بەرپرسەکە کەمێک ئازار بە قۆڵی گەیشتووە.

ئاشکراشیکرد، تا ئێستا خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە سکاڵای تۆمارنەکردووە، تا لێکۆڵینەوە بکرێت و بزانین هۆکاری رووداوەکە چیبووە، بۆیە ئێمە ئاگرەکەمان کۆنتڕۆڵکردووە و گەڕاوینەتەوە، بەس خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت، “تەقینەوە بووە”.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بۆ ئێستا باسیلەوەکرد، لەکاتی رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە لە حەوشەی ماڵەکە بووە و بەپەلە هێنراوەتە بەردەرگا، بۆیە ئەگەری زۆرە هەر ئاگرکەوتنەوەیەکی ئاسایی بووبێت، نەک تەقینەوە وەک هەندێک باسیلێوەدەکەن.

بابەتی پێشتر

لەسەر سووتانی 100 دۆنم پووش و پاوان دوو کەس دەستگیرکران و درانە دادگا

بابەتی دواتر

تەرمی مامۆستا سامان ئەحمەدی کیمیا دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share