مەسعود پزیشکیان کێیە؟

لە چەندین ئەزموونی سەربازی، سیاسی و پزیشکییەوە بۆ نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران.

مەسعود پزیشکیان لە رۆژی 29ی ئەیلولی 1954 لە شاری مەهاباد ی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

هەر لە شاری مەهاباد خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی تەواو کردووە، دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە ورمێ و بڕوانامەی دیبلۆمی لە بواری پشەسازیی خۆراک وەرگرتووە.

پزیشکیان لە خوێندن بەردەوام دەبێت و لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران ساڵی 1993 پسپۆڕیی نەشتەرگەریی دڵی وەرگرتووە.

پزیشکیان چەندین بەرپرسیارێتی جیاوازی هەبووە، لەوانە، ساڵی 1994 بووەتە سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز تاوەکو ساڵی 2000.

لە کابینەی محەمەد خاتەمی، وەزیری تەندروستیی ئێران بووە لە ساڵی 2001 تاوەکو 2005.

پزیشکیان ئەزموونی کاری پەرلەمانتارییشی هەیە لە خولی هەشتەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران پەرلەمانتار بووە، هەروەها ماوەیەکیش پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرتووە.

پزیشکیان بە کەسێکی ریفۆرم خواز دادەنرێت، و هەروەها چەندین ساڵ خزمەتی سەربازیی هەیە.

لەکاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە لە دایکێکی کورد هاتبێتە دونیاوە، و کوردیەکی باشیش دەزانێت، بەڵام خۆی دەڵێت، راستە لە مەهاباد لەدایکبووم بەڵام دایک و باوکم ئازەریین.

رۆژی 5ی تەمموزی 2024 لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێراندا، مەسعود پزیشکیان بووە نۆیەمین سەرۆک کۆماری وڵاتەکە.

 

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق دادەمەزرێندرێت

بابەتی دواتر

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم: سبەینێ پشووی رەسمییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share