زۆرجار باوان چەند كاتژمێرێك بەدیار خۆراكپێدانی منداڵە ساوا و بچوكەكانیانەوە بەسەردەبەن، لەكاتێكدا بەپێی توێژینەوەیەك كە رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، رێگەدان بە منداڵ بۆ خواردن بە دەستی خۆیان باشترە بۆ گەشەكردنیان.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكە، كە توێژەرانی زانكۆی كۆلۆرادۆ ئەنجامیانداوە، لە شیر بڕینەوەی منداڵ، كە رێگایەكی باوە بۆ دەستكردن بە پێدانی خۆراكی دیكە بە ساوا، كالۆریی گونجاو بۆ گەشە و باڵا دەستەبەردەكات.
ئەنجامی توێژینەوەكە جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستیی رێگەدان بە ساوا بەوەی بەدەستی خۆیان خۆراكی ئاسایی بخۆن، لەجیاتی ئەو رێگا باوەی بەكاردەهێنرێت كە پێدانی خۆراكە بە كەوچك و خۆراكەكەش ورد و شل كراوەتەوە.
توێژەرانی زانكۆی كۆلۆرادۆ حاڵەتی لە شیر بڕینەوەی نزیكەی 70 ساوای تەمەن پێنج مانگیان تاوتوێكردووە. توێژەران سێ رۆژ چۆنیەتیی خۆراك خواردنی منداڵانیان تۆماركرد. تیایدا هەندێك لە منداڵان خۆراكی هاڕدراو یان وردكراویان دەخوارد هەندێكی دیكەیان سەرجەم خۆراكەكانیان بێ دەستكاریكردن پێدەدرا.
شیكارییەكان دەریخست جیاوازییەكی گەورە لە بەدەستهێنانی وزە لەنێوان هەردوو بەشەكەدا نییە.
بەڵام دەركەوت ئەو منداڵانەی بە دەستی خۆیان ناندەخۆن، زیادبوونی بەرچاو لە كێش و باڵایاندا هەیە بەراورد بەوانەی بە شێوازی باو و لەڕێی كەوچەكەوە خۆراكیان پێدەدرا.
توێژەران دەڵێن، میوەی نەرم، سەوزەی پاككراو، پەنیر و پارچە گۆشتی بچوك سەرجەمیان خۆراكی باشن بۆ هەوڵی لە شیر بڕینەوەی منداڵ، چونكە بۆ منداڵ ئاسانە لە رووی گرتن و جوینی.
لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیدەكەنەوە، كە پێویستە خۆراك لەسەر شێوەیەكی رێك و بە قەبارەی چنگی منداڵ بێت بۆ رێگری لە خنكانی، هەروەها رەچاوی جۆراوجۆریی لەو خۆراكەدا بكرێت كە دەدرێتە ساواكە.