كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڕیاریدا وادەی تۆماركردنی پارت و كاندیدان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درێژبكاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پاش دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی تشرینی یەكەم، دادوەر عەباس فەتلاوی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ماوەی تۆماری هاوپەیمانی، پارت و كاندیدانی خوازیاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.
ئەوەشی خستەڕوو، درێژكردنەوەی وادەكە تا كۆتایی دەوامی رەسمی رۆژی 4ی تەمموز دەبێت.
دوای سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆتۆماركردن، ئەمە دووەم جارە كۆمسیۆن وادەكەی درێژدەكاتەوە.
بەپێی مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە دوێنێ دەرچوو، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنەكە بە شێوەی چوار بازنە ئەنجامدەدرێت و لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبرێت.