وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا بازرگانیی ئەلیکترۆنی بە رێژەی 25% زیادیکردووە و ئەزموونی پارەدانی ئەلیکترۆنی تەنها لە وێستگەکانی پڕکردنەوەی سووتەمەنیدا سنوردار نەبووە.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژیە بەوە کرد، ”وەزارەتەکەمان لە پێشەنگی ئەو وەزارەتانەدا بوو کە پشتیان بە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەستبوو بەتایبەتی کەرتی دابەشکردنی سووتەمەنی کە چالاکییەکی گەورەی لەو بوارەدا ئەنجامدا”.
ئەوەشی خستەڕوو، ”سەرکەوتنی جێبەجێکردنی ئەزموونی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی مامەڵەی ئەلیکترۆنی و بازرگانیکردن لەو رێگایەوە، بەو پێیەی قەبارەی بازرگانی لە مانگی رابردوودا بۆ زیاتر لە 550 ملیار دینار بەرزبووەتەوە کە دەکاتە 25%”.
دەشڵێت، ”کاردەکەین بۆ فراوانکردنی ئەو ئەزموونە و بڵاوکردنەوەی بۆ سەرجەم شوێنەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی، هاوکات ئەو ئەزموونە تەنها لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا سنووردار نەبووە، بەڵکو لە هەموو مامەڵە داراییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کار بەو سیستمە کراوە”.