ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆكاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشكرادەكات و دەشڵێت، “سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا وتی، “ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی چوار و مانگەكانی داهاتووش پەیوەستە بە پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ بە بانكیكردنی مووچە لە رێگای بانكە حكومییەكانی عێراق و رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم”.
د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پرسیارێك لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچە ئاراستەی سودانی كرا، لە وەڵامدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوەكردەوە كە ناردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی چوار و مانگەكانی داهاتووش پەیوەستە بە پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی بە بانكیكردنی مووچە لە رێگای بانكە حكومییەكانی عێراقەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وتیشی، “هۆكارێكی دیكەی نەناردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم رادەستنەكردنی داهاتی ناوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە بەغداد كە بە وتەی سەرۆك وەزیرانی عێراق تا ئەو گرفتانە چارەسەرنەكرێن مووچە نانێردرێت”.