عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەكارهێنانی ڤاكسینی دژەكۆرۆنای ئەمریكی و بەریتانی لە وڵاتەكەی قەدەغە كرد.
لە تویتێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 8ی كانونی دووەم بە زمانی ئینگلیزی بڵاویكردەوە، عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، “ڤاكسینی دژەكۆرۆنای ئەمریكی و بەریتانی ڕێگەپێدراو نین.”
خامنەئی نووسیویەتی، “متمانەیان پێناكرێت، ڕەنگە بیانەوێت ڤاكسینەكان لەسەر وڵاتانی تر تاقیبكەنەوە. من تەنانەت سەبارەت بە فەرەنسا-ش گەشبین نیم، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە پێشینەیان هەیە و پێشتر خوێنی پیسبوو بە ئایدز-یان داوە بە مرۆڤ.”
هەر ئەمڕۆ لە وتەیەكدا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، گومانی خۆی لە ڕاستیی دروستكردنی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا نیشاندا و وتی، “ئەگەر ئەمریكییەكان بەڕاستی ڤاكسینی دژەكۆرۆنایان دروستكردبێت، ڕۆژانە چوار هەزار كەس بە كۆرۆنا نامرێت.”