سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە وتارێکیدا لە گۆڤاری فۆڕن ئەفەیرز رایگەیاند، پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا کلیلی سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 15ی نیسان، لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا بخاتە سەر رێرەوێکی باشتر و پتەوتر.
سودانی لە قسەکانیدا باسی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا کرد لە لەناوبردنی رژێمی پێشووی عێراق بەر لە دوو دەیە و بە گرنگییەکی زۆرەوە باسی کردووە.
ئاشکراشیکردووە، لەماوەی ئەم دوو دەیەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات چەندین هەوراز و نشێوی دیوە.
جەختیشیکردووەتەوە، لەلایەن سەرکردایەتی هەردوو وڵاتەوە هۆشدارییەکی روون هەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکی ستراتیژی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبن.